توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئەوەی دەرخستووە، ئەو کەسانەی ژەنیاری ئامێرە میوزیکییەکانن، کەمتر هەست بە ئازاری لەشیان دەکەن بەراورد بە کەسانی دیکە.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ئارهوس لە دانیمارک ئەنجامدراوە و ئاشکرای دەکات، راهێنان و ژەنینی ئامێرە میوزیکییەکان، فۆرمێکی بەهێزی پاراستن بۆ مێشک دروستدەکات، ئەمەش وادەکات ئەو کەسە بەراورد بە کەسانی دیکە، کەمتر هەست بە ئازارەکانی لەشی بکات.
لە توێژینەوەکەدا 19 میوزیکژەن و 20 کەسی دیکە وەک نمونە وەرگیران و تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر جێبەجێکرا، بە بەکارهێنانی دەرزییەکی پرۆتینیی، کە پێی دەوترێت (NGF) کە دەبێتە هۆی ئازاری ماسولکەکان بۆ ماوەی چەند رۆژێک، بەبێ ئەوەی ئەو ئازارە زیانی گەورەی لێبکەوێتەوە.
ئەنجامەکان جیاوازییەکی بەرچاویان دەرخست لە چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی مێشکی میوزیکژەنەکان بۆ ئازار بەراورد بە ئەوانەی میوزیکیان نەدەژەنی، بەجۆرێک میوزیکژەنەکان هەستیان بە ئازارێکی زۆر کەمتر دەکرد.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەم دۆزینەوەیە رەنگە چارەسەرێکی نوێ بێت بۆ ئەو کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان هەیە.