سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، رایگەیاند، پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم و سوپاسی پشوودرێژییان دەکەم.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایگەیاند، بە گەرمی پێشوازی لە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق دەکەم، پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم و سوپاسیان دەکەم بۆ پشوودرێژییان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەمیشە باوەڕمان وابووە و داکۆکییش لەسەر ئەوە دەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییانمان.
وتیشی، “هیوادارین ئەم رێککەوتنە بخرێتە خزمەتی زیاتری خەڵکە خۆشەویستەکەمان و دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی داهاتی وڵات و پێدانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، دەڵێت، “ئێمە قوڵایی ستراتیجی چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغداد دەبینین و لەو رێگایەوە دەتوانین خزمەتی خەڵک و هەرێمەکەمان بکەین، دەستخۆشی لە هەرکەسێک دەکەین کە هاوکار بووە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە لەگەڵمان”.