دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ تیرۆریست رادەگەیەنێت.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان توانیان لەسنووری پارێزگای کەرکوک و سلێمانی (سێ)تیرۆریست دەستگیربکەن و بەهەماهەنگیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و هاوپەیمانان-هێزی تایبەتی ئەمریکا کێوماڵی ناوچەی شوان ئەنجامبدەن.
دەشڵێت، لە رۆژی 18ی ئەیلولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەربەوەزارەتی ناوخۆی عێراق بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش توانیان لەسنووری پارێزگای کەرکوک تیرۆریستێک دەستگیربکەن و دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و دانپێدانانی تیرۆریست و لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری ورد توانرا شوێنی (دوو)تیرۆریستی دیکە لەسنووری پارێزگای سلێمانی دەستنیشان بکرێت و بەهەماهەنگیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان هەردوو تیرۆریست دەستگیرکران، کەلەماوەی رابردوو چەکداری داعش بوون و لەئێستاشدا کاری رێکخراوەییان بۆ داعش کردووە و لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بیری توندڕەوییان بڵاوکردووەتەوە و دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بەهەماهەنگیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و هاوپەیمانان-هێزی تایبەتی ئەمریکا، توانییان لەسنووری ناوچەی شوان کێوماڵی بەرفراوان ئەنجامبدەن و چەندین شوێن و حەشارگەی تیرۆریستان لەناوبەرن.
باس لەوەشدەکات، لەئێستادا تیرۆریستان بەماددەی دووی تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.