بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن چوار بینای نوێ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دروستدەکرێن.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، “لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجەوە، خوێندنگەی نوێ نەکراوەتەوە، سەرجەم ئەو ناوەندانەی کە دروستدەکرێن لەلایەن خێرخوازان، سەرمایەداران و وەبەرهێنەران دروستدەکرێن، بەڵام لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەرجەم کارەکانی چوار ناوەندی نوێی خوێندن کۆتایی دێن و رادەستی پەروەردەی سلێمانی دەکرێن”.
وتیشی، 43 خوێندنگە پێویستیان بەوە هەیە بڕوخێندرێن و دووبارە دروستبکرێنەوە، هەرەوەها 108 ناوەند پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، دەرخستەیان بۆ کراوە و نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی.
بەشێک لە گرنگترین قسەکانی نەژاد عەبدوڵا:
– 429 هەزار و 852 خوێندکار لە قۆناغی باخچەوە تاوەکو ئامادەیی روو لە 1419 ناوەندی خوێندن دەکەن
– سەرەڕای بێ مووچەیی مامۆستایان، بەڵام هیچ ساڵێک نەیانهێشتووە خوێندنی هیچ ساڵێک بفەوتێت، داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەکەم تاوەکو زووە لەبارەی پرسی مووچەوە بگەنە رێککەوتن.
– سەرجەم بەڕێوەبەری خوێندنگە و باخچەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە هاوکاریی مامۆستایان بکەن، تاوەکو مامۆستایان بتوانن بە دەروونێکی ئارامەوە وانە بە خوێندکاران بڵێنەوە.
– لە هەوڵداین کێشەی سەگی بێلانە چارەسەربکەین.
– سەرجەم بەڕێوەبەری خوێندنگە و باخچەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە هاوکاریی مامۆستایان بکەن، تاوەکو بتوانن بە دەروونێکی ئارامەوە وانە بە خوێندکاران بڵێنەوە.
– رێنمایی لە حکومەتی عێراق هاتووە کە هەر مامۆستایەک لە 1ی مانگی حەوت خانەنشین بووبێت دەتوانێت ماوەکەی تاوەکو 31 مانگی 12 درێژبکاتەوە.
– بەهۆی سیستمی پەیرۆڵەوە هەموو جۆرە مامەڵەیەکان وەستاون، مامەڵەی دەرماڵە، گواستنەوەی راژە، خۆبەخشان، وانەبێژان و هەموو مامەڵەکانی دیکە ئەنجام نادرێن تاوەکو رێکخستنی لیستی مووچە کۆتایی دێت