سیاسەتمەدار و تێکۆشەری دێرین جەنابی کاک مەلا بەختیار لە کۆتا دیداریدا لە کەناڵی (الشرقیة)ی عێراقی لەبارەی کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی خودا لێی خۆشبێت، تەنها 2% ی دەنگەکانی سلێمانی بەدەست هێناوە! پاش بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامە، میدیاکانی زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە هەرچەندە ئەنجام و داتای دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لەلایە، بەڵام وەکو ئەوەی هەنگوینیان لەناو کونە دار بەڕودا دۆزیبێتەوە ، نەک هەر وەکو هەواڵێکی گرنگ و سەرەکیی بڵاویانکردەوە، بەڵکو هەندێک زانیاریی دیکەی نادروستیان ژەنی و خستیانە پاڵ پەیامەکەی جەنابی کاک بەختیار و بازاڕی خۆیان پێ گەرم و گوڕکرد و، وەک پەیامێکی گرنگی بانگەشەی پێشوەختە لەدژی یەکێتی بەکاریان هێنا. ئەو سەرچاوە میدیاییانە لەسەر پەیامەکەی جەنابی کاک بەختیار بەشێوەیەک سەرنجی بەندەیان راکێشا کە هەڵوەستەیەک لەسەر رێژەی 2%ی دەنگەکانی یەکێتی بکەم و، بەراوردی بکەم لەگەڵ دەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو ئەنجامەی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو بزانین ئەگەر رێژەی دەنگی یەکێتی تەنها 2%ی دەنگەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی بێت، ئاخۆ دەبێت رێژەی دەنگی حزبەکانی دیکەی کوردستان لەو پارێزگایە چەند بێت؟ ئەگەر لە پارێزگای سلێمانی داوای خوالێخۆشبوون بۆ یەکێتی بکرێت کە هێزی یەکەمە و بێ رکابەرە، ئاخۆ دەبێت چ جۆرە دوعایێک بۆ حزبەکانی دیکەی کوردستان بکرێت بە حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە؟
دەگەڕێینەوە بۆ رێژەی 2% ی دەنگەکانی یەکێتی لەسلێمانی و، ئەگەر ئەم ژمارەیە وەک داتایەکی حەقیقی وەربگرین و هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانەی بۆ بکەین، ئەوا دەبێت رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی سلێمانی تەنها 4% بێت و ناگاتە 5%، چونکە دەنگی یەکێتی لە پارێزگای سلێمانی نزیکەی دەنگی کۆی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان دەبێت. ئەم ئەنجامە پرسیارێک رووبەڕووی میدیا، بەش، مەکتەب و ناوەندی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات، هەڵبژاردنێک کە کەمتر لە 5% ی دەنگدەران بەشدارییان تێداکردبێت، چۆن دەبێت لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پەسەندکرابێت؟
بۆیە ئەگەر وەک زانیارییەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ئەو داتایەدا بکرێت، ئەوکات جگە لەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەنجامێکی ناشەرعی دەبێت، لەهەمانکاتدا بۆ حزبەکانی دیکەی کورستان وەک، پارتی، حزبە ئیسلامییەکان، نەوەی نوێ، بەرەی هەڵوێست و ئەوانی دیکە زیاتر لە یەکێتی جێگەی ئیحراجی دەبێت، چونکە رێژەی دەنگی زۆربەیان ناگاتە 1% بەڵکو رێژەی دەنگەکانی بەشێکیان تەنها چەند پۆینتێک دەبێت، تەنها رێژەی دەنگی لایەنێکی سیاسی دەگاتە 1% . ئەمەش نیشانەی نەک هەر شکست بەڵکو هەڵوەشانەوەی پرۆسەی سیاسی دەبێت لە هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەو داتایە بێت نابێی میدیای هیچ لایەنێکی سیاسی خۆشحاڵ بێت بەو داتایە، چونکە ئەگەر داتاکان لەیەک جیابکرێنەوە و بەراورکارییەک لەنێوان دەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا بکرێت لە سلێمانی، ئەوکاتە بۆ هەندێ لایەن زۆر ناخۆشدەبێت کە رێژەی دەنگەکانیان بە پۆینت دەژمێردرێت. بۆیە یەکێتییەکان چاویان لەوەبوو ئەگەر باس لە رێژەی دەنگەکان بکرێت، رێژەی دەنگی هەموو لایەنەکان باس بکرێت، لەسەر ئەو بنەمایە بەشێک لەکادیر و ئەندامانی یەکێتی دەڵێن خۆزگە کاک بەختیار هاوشێوەی یەکێتی، ناو و رێژەی دەنگی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان لەشاری سڵێمانی بهێنایە! ئەو کاتە پێش ئەوەی داوای خوالێخۆش بوون بۆ یەکێتی بکات کە لە سلێمانی هێزی یەکەمی بێ رکابەرە، فاتیحەیەک بۆ هێزەکانی دیکەی کوردستانی دەخوێندەوە کە لە سلێمانی دەنگیان ناگاتە نیوەی دەنگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کاتە میدیای هەندێک لایەنی سیاسی لە روویان نەدەهات باس لە2% ی دەنگەکانی یەکێتی بکەن و بڵێن کۆچیدوایی کردووە.
هەر چەندە ئەم مژارە پێویست بە راڤەکردن و خستنەڕووی داتاکانی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان ناکات کە هەندێک سەرچاوەی میدیایی خۆیان پێی خۆشحاڵ و شپرزە کردووە چونکە: هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق ئەو راستییە دەزانن کە لەپاش ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەمیی یەکێتییەوە، لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵی رابردودا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو هەڵبژاردنی گرنگ ئەنجامدراون، لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا دەنگ و کورسی یەکێتی نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو توانیویەتی دوو سەرکەوتنی کەموێنە بەدەستبهێنێت.
هەڵبژاردنی یەکەم: هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بوو، رێژەی دەنگ و رێژەی کورسییەکانی یەکێتی لە ناوچە دابڕێندراوەکان زیادیکرد و لە هێزی دووەمەوە بوو بە هێزی یەکەم و، لە رووی رێژەی دەنگ و رێژەی کورسییەوە پێش رکابەرەکەی کەوت کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەهۆی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەوە یەکێتی توانی لە کەرکوک لەرێی دانانی پارێزگارێکی دڵسوز و پێکهێنانی ئیدارەیەکی نوێی خزمەتگوزارەوە، خزمەتێکی باش پێشکەش بە خەڵکی شارەکە بکات.
هەڵبژاردنی دووەم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، لەم هەڵبژارنەشدا یەکێتی لە سنووری هەرێمی کوردستان و، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە %90 ی دەنگەکانی زیادیکردووە و، رێژەی کورسییەکانیشی بە هەمانشێوە زیادیکردووە، توانی لە هێزی سێیەمەوە ببێتە هێزی دووەم و لەپێگەیەکی بەهێزدا کێبڕکێ لەگەڵ هێزی یەکەمی هەرێمی کورستاندا بکات.
بۆیە جەماوەر و میدیای یەکێتی ناکەونە ژێر کاریگەری هیچ پەیامێکی بانگەشەی پێشوەختەی هەڵبژاردن کە میدیای بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان سەرقاڵی بانگەشەی پێشوەختە و خەڵەتاندنی جەماوەرن، کەی بانگەشە بە رەسمیی دەستیپێکرد ئەوکات وەک هەڵبژاردنەکانی رابردوو ئەسپی خۆمان تاودەدەین.