شارەوانیی سلێمانی: لە سبەینێوە دەستدەکەین بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانیی ئاگادارییەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە لە سنووری شارەوانییەکە بڵاوکردەوە.

لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە شەقام، کۆڵانەکان و گەڕەکەکان و نزیکبوونەوەمان لە کردنەوەی خوێندنگەکان، سەرۆکایەتیمان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەڵمەتێکی چڕتری کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک.

دەشڵێت، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و رادەستکردنەوەی بە شەڵتەرەکە چڕترکردووەتەوە، تاوەکو بتوانرێت بە کەمترین ماوە، زۆرترین سەگ کۆبکرێنەوە لە شەقام و کۆڵانەکان لەلایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگ هەیە.

شارەوانیی سلێمانی هاوڵاتییانیش ئاگاداردەکاتەوە، لە سبەی شەممەوە، هەڵمەتەکە دەستپێدەکات و مەرجەکانی گرتنی سەگەکانیش بریتین لەوەی کە هەر سەگێک بەچکەی هەبێت، بەبێ بەچکەکە نەبێت و لەکاتی رادەستکردنەوەیان بە شەڵتەرەکە، بڕی (سێ هەزار دینار) پاداشت دەکرێت، ئەگەر رادەستی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ بکرێت، بڕی (دوو هەزار دینار) پاداشت دەکرێت؛ واتە لە شوێنێک کۆبکرێتەوە و تیمەکانمان بێنە شوێنی مەبەست بۆ بردنیان، بە مەرجێک تەنیا ئەوانەی سنووری شارەوانیی سلێمانی بن.

داواش لە ئاژەڵدۆستان و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵان دەکات، “پشتیوان و هاوکارمان بن بۆ ئەم هەڵمەتە کە سوودی بۆ بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستی و گیانی هاوڵاتییان دەبێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share