بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستاش %14ی هاوڵاتییان بە هۆکاری جۆراوجۆر خۆیان لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک تۆمارنەکردووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا قۆناغی دووەمی پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستپێدەکات، قۆناغی دووەم خۆی دەبینێتەوە لە تۆمارکردنی ئەو منداڵانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، هەروەها ئەو کەسانەشی کە شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە.
وتیشی، ئەوانەی تازە کارتی نیشتمانییان دەرهێناوە یان لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە دەتوانن خۆیان تۆماربکەن، بەڵام بۆ هەر کەسێک یان هەر خێزانێک بڕی 11 هەزار دینار وەردەگیرێت، هەروەها بۆ تۆمارکردنی منداڵانیش بڕی دوو بۆ پێنج هەزار دینار وەردەگیرێت، شێوازی پارەدانەکەش لە رێگەی ماستەر کارتەوە دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی ئێستا دەست بە خۆتۆمارکردن دەکەن، بەشەخۆراکی دوو مانگیان دەبڕدرێت، چونکە جێبەجێبوون و تەواوبوونی پڕۆسەکە دوو مانگی پێدەچێت.