دەستەی کەشناسی: مانگی رابردوو 43 بومەلەرزە لە عێراق روویانداوە

دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق، راپۆرتی چالاکییەکانی بومەلەرزەی لە سنووری عێراق بۆ مانگی ئاب بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، 43 بومەلەرزە ناوچە جیاوازەکان هەژاندووە.

لە راپۆرتی مانگانەی دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق هاتووە، مانگی رابردوو 43 بومەلەرزە لە عێراق روویانداوە، 20 لەو بومەلەرزانە لەناوخۆدا بوون و 23ی دیکەش لە نزیک سنوورەکانی نزیک عێراق روویداوە.

باسی لەوەشکرد، بەگشتیی گوڕی بومەلەرزەکان لەنێوان 1.1 بۆ 4.4 پلە بە پێوەری رێختەر بوون، قوڵایی بومەلەرزەکانیش لەنێوان 5 بۆ 30 کیلۆمەتردا بوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەشی زۆری بومەلەرزەکان لە سنووری هەرێمی کوردستان روویانداوە، لە سلێمانی زۆرترین بومەلەرزە روویانداوە کە حەوت بومەلەرزە بووە، هەولێر چوار، دهۆک سێ، دیالە دوو و کەرکوک یەک بومەلەرزە تێیاندا روویداوە.

لە کۆی ئەو بومەلەرزانەش کە لە مانگی رابردووە روویانداوە هیچ زیانێکی گیانیان بەدواوە نەبووە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share