بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەک و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی دەربەندیخانەوە، تۆمەتبارێك دەستگیركرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سكاڵای تۆماركرد لەدژی كەسێك كە بە وتەی سكاڵاكار، دوایكەوتووە و ویستوویەتی بیڕفێنێت، مەفرەزەکانی بنكەی پۆلیسی دەربەندیخان لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ تۆمەتبار بەردەوامبوو؛ سەرەنجام، سەرەڕای بابەتی سکاڵای سکاڵاکار و پاش گەیشتنی زانیاری، پشکنینی پزیشکی بۆ تۆمەتبار ئەنجامدرا و دەركەوت كە بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر بووە و پێشتریش لەسەر ئەم تاوانە، سزادراوە.
هەر لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسدا هاتووە، لەئێستادا تۆمەتبار (أ، ح، ح) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەكانی (432، 267، ماددەی 30 لە یاسای ماددە هۆشبەرەكان) دەستگیركراوە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی دەربەندیخانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە.