وادەی کەوتنەکاری کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی رێگای سلێمانی – تاسڵوجە راگەیەندرا

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە رۆژی پێنجشەممەوە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی رێگای سلێمانی – تاسڵوجە و بە پێچەوانەشەوە دەکەونەکار.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 10:00 ی سەر لەبەیانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی رێگای سلێمانی – تاسڵوجە و بە پێچەوانەوە دەکەونە کار و تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی بە سیستەمی One Point و بەپێی ئەو خێراییانەی کە لە هێماکانی هاتوچۆی تەنیشت رێگاکە دانراون تۆماردەکات”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سەبارەت بە رێگای نێوان سلێمانی – وارماوا بەهەمان شێوە کامێراکان دانراون لە هەمان رۆژ و کات سزای سەرپێچی خێرایی تۆمار دەکەن بە سیستەمی Point to Point بەپێی ئەو خێراییانەی دیاریکراوە لە رێگای هێماکانی هاتوچۆوە”.

ئاشکراشیکرد، ماوەی لێبوردن لە کامێراکانی خێرایی (حدود التسامح) بۆ ئۆتۆمبێلی بچووک پێنج کیلۆمەتر و بۆ بارهەڵگر سێ کیلۆمەترە.

سەبارەت بە میکانیزمی تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی لەو کامێرایانەی بە سیستەمی Point to Point کار دەکەن، هاتوچۆی سلێمانی باسیلەوەکردووە، “تێکڕای خێرایی لە هەموو کامێراکان هەژمار دەکرێت، بۆ نموونە لە نێوان دوو کامێرا پێویستە شۆفێر بە خێرایی رێگەپێدراو کە دیاریکراوە شۆفێری بکات بە پێچەوانەوە سزای دیاریکراو دەدرێت.
هەروەها لەنێوان کامێراکانی دیکەدا ئەگەر شۆفێر لەسەر تیژڕەوی بەردەوام بوو هەمان سزا دووبارە دەیگرێتەوە.

جەختیشیکردەوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە یەک سیستەم کاردەکەن بێ جیاوازی لەو شەقام و رێگایانەی ناوەوە و دەرەوەی شارەکان لە هەرێم کە کامێراکانی تیژڕەوی تیادایە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share