راگەیەندراوێک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمەوە لەبارەی رووداوەکانی شەوی رابردوو

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە و رێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گروپێکی لەیاسا دەرچوو نادرێت کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایش.

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیرکردن بەماددەی (406) لە یاسای سزادانی عیراقی بۆ داواکراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەك داواکراوی دیکە دەرچوو، فەرمانەكە ئاڕاستەی هێزەکانمان كرا، بەڵام دوای هەوڵی زۆری هێزەکانمان بۆ خۆڕادەست بوونی داواکراوان بەیاسا و ئاگادارکردنەوەیان لەڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ خودی داواکراوان و هەروەها لە رێگەی بڵندگۆوە بەناونیشانی (هەر کەس خۆی ڕادەست بکات ژیانی پارێزراو دەبێت، دڵنیاتان دەکەینەوە ژیانتان پارێزراوە) بەڵام بەهۆی پابەندنەبوون بە یاساوە و لەسەر زاری خۆیان رایانگەیاند؛ کە میلیشیای چەکداریان هەیە و رووبەڕووی هێزی ئاسایش دەبنەوە کە هێزێکی فەرمی حکومەتی هەرێمە و بەئەرکی خۆیان هەڵدەستن، ئەوان دەستیانکرد بە تەقەکردن لەهێزەکانمان و ڕووبەڕوویان بوونەوە بۆ ئەوەی رێگربن لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی لالەزار.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە ئەم پرۆسەیە پاڵپشت بە بڕیاری دادگا هەنگاوەکانی نراوون لەپێناو جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن کەلەلایەن دادوەر دەرچووێندراوە، تاکو هیچ تاقم و لادەرێک لە یاساوە نەبێت و ئاسایش و ئارامی پارێزراو بێت وەک هەمیشە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ توانیان شوێنی مانەوەی تۆمەتباران و ناوچەکە لە لالەزار بەتەواوەتی لە تۆمەتبارانی دەرچوو لە یاسا و میلیشیا چەکدارەکانیان کە هەر شەوی رابردوو خۆیان رایانگەیاند رووبەڕووی هێزە فەرمییەکانمان دەبنەوە، کۆنتڕۆڵ بکەن، بەداخەوە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەکان سێ کارمەند لە هێزەئەمنییەکان شەهید بوون و 19 کارمەندی دیکەش بریندار بوون.

ئاسایشی هەرێم لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەختیکردووەتەوە، لە ئێستادا دۆخی سلێمانی ئارام بووەتەوە و هاووڵاتییان بە ئاسایی لە شەقامەکان هاتوچۆ دەکەن و دڵنیایی دەدەین کە؛ ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە و رێگە بە هیچ تاقم و میلیشیا و گروپێکی لە یاسا دەرچوو نادرێت کە ببێتە هۆکاری تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکەمان و تەواوی تۆمەتبارانی لالەزار بەپێی یاسا دەستگیرکران و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share