رۆژنامەی تەلەگراف، بڵاویکردەوە، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە ڤڵادیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گەشتی واشنتن دەکات بۆ ئەوەی چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکەوێت، تاوەکو گفتوگۆی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەکەی ئالاسکا بکەن، ئەمەش یەکەم سەردانی زێلینسکییە بۆ ئەمریکا لە مانگی دووی ئەمساڵەوە.
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، زێلێنسکی باسی لەوە کردووە، ترەمپ لەبارەی پرسی بنەڕەتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی روسیا زانیاری بە زێلێنسکی داوە و پشتگیری پێشنیارەکەی ترەمپ دەکات بۆ کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان سەرکردەکانی هەرسێ وڵات.
تەلەگراف ئاماژەی بەوە کردووە، زێلێنسکی باسی لەوە نەکردووە کە ترەمپ و پوتن لەسەر چ بابەتێک رێککەوتوون یاخود پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان چی بووە، بەڵام راوێژکارێکی باڵای زێلێنسکی دەڵێت، “بە هیچ جۆرێک زانیاری وامان بەدەست نەگەیشتووە کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ترەمپ و پوتن باس لە ئاگربەستی ئاسمانیی نێوان ئۆکرانیا و روسیا کرابێت”.
هەر لە راپۆرتەکەی تەلەگراف هاتووە، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەورپی پشتگیریی خۆیان بۆ زێلێنسکی دەربڕیوە لەبارەی ئامادەبوونی راستەوخۆی سەرۆکی ئۆکرانیا لە گفتوگۆکانی داهاتوودا، و جەخت لەوە دەکەنەوە، “گرنگە وڵاتانی ئەوروپی بەشداریی هەموو قۆناغەکانی داهاتووی کۆبوونەوەکان بن، تاوەکو لەگەڵ ئەمریکا دڵنیا ببنەوە ئاسایشی ئۆکرانیا دەستەبەر دەبێت”.