ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش لەئارادا نییە.
شیروان میرزا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بەغداد ئامادەیی دەربڕیوە ئەو بڕە نەوتەی دیاریکراوە وەریبگرێت و هەرێمیش ئامادەی ناردنیەتی، بەڵام کۆمپانیا نەوتییەکان کێشەیان هەیە و نایانەوێت گرێبەستەکانیان دەستکاری بکرێت”.
وتیشی، “هەرێم و بەغداد تاوەکو ئێستا بۆچوونی جیاوازیان هەیە و رێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەی کام داهاتانە فیدراڵین و کامانە نافیدراڵین، تاوەکو نیوەی بدرێت بە بەغداد و نیوەکەی دیکەش بۆ هەرێم بمێنێتەوە، ئەم ناڕوونییەش وایکردووە، تەی سامی، وەزیری دارایی عێراق راپۆرتی خۆی لەوبارەیەوە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران نەکات”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەشکرد، “تاوەکو ئێستا نە نەوت رادەستکراوە و نە لەسەر داهاتی نانەوتی رێککەوتن کراوە، بەغدادیش ئامادەنییە بەبێ چارەسەرکردنی ئەم دوو پرسە، مووچە بنێرێت، بۆیە بابەتەکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو و لە ئەگەری گەیشتنە رێککەوتنی هەردوولا، گرفتی مووچە چارەسەردەبێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، گرفتی ناردنی مووچە دروستنابێت”.