نووسینگەکەی: چوار پاسەوانی ئەدهەم بارزانی دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ ئاسایشی هەولێر

نووسینگەی ئەدهەم بارزانی بڵاویکردەوە، لە بازگەی هیران و نازەنین چوار پاسەوانی دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ ئاسایشی گشتیی هەولێر.

لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی ئەدهەم بارزانیدا هاتووە، “دوێنێ شەممە 9ـی 8ـی 2025، ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لەگەڵ ئەدهەم بارزانی وەک پاسەوان دەوام دەکەن، هاوڕێ لەگەڵ دۆستێکی ئەوان کە سەرجەمیان چوار کەس بوون، لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ قەزای سۆران و دەڤەری هەریر، لە کاتژمێر 01:30 خولەکی پاشنیوەڕۆی دوێنێوە تا درەنگی شەوی رابردوو بێسەروشوێن بوون و پاشان بەپێی هەندێک سەرەداو کە بۆمان دەرکەوت، لە بازگەی هیران و نازەنینی ئەو بازگەیەی کە باشوری کوردستانی کردووەتە دوو پارچە، لە نزیک شەقڵاوە دەستگیرکراون و موبایلەکانیان داخراون و پاشان بۆ ئاسایشی گشتی لە هەولێر گواسترانەوە و دەستبەسەرکراون”.

دەشڵێت، دەستگیرکردنەکەیان “بەو بەهانەیە بووە کە پێشتر لیژنە ناوچەکانی حزبی دەسەڵات بە ئەوانی وتووە کە سەردانی سڵێمانی و شێخ ئەدهەم بارزانی نەکەن، بەم تاوانە گەورەیە گیراون و بەداخەوە ماڵ و منداڵیان لە دوێنێ ئێوارە و تاوەکو ئەمڕۆ لە دڵەڕاوکێیەکی گەورەدا و لە شین و گریاندا دەژین”.

باسلەوەشکراوە، “لێرەوە بۆ رای گشتیی رادەگەیەنین ئەم کارانە دوورن لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون هیچ تاوانێکیان ئەنجامنەداوە و تەنها تاوانی ئەوان ئەوەیە کە دۆست و کەسانی نزیکی بەڕێز ئەدهەم بارزانین”.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دەستگیرکردنی ئەو پاسەوانانە لەکاتێکدایە، “دۆخی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی بێ متمانەیی جەماوەری و هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و نەبوونی مووچە، ئاو، کارەبا و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکە وایکردووە هاوڵاتییان بێ ژیان ببن و هیچ متمانەیەکیان بەم دەسەڵاتە نەمابێت، هەر بۆیە هانا دەبەنە بەر زەبر و زەنگ و سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان و دەستگیریان دەکەن”.

نووسینگەکە دووپاتیشیدەکاتەوە، “لە شوێنی ئەم دڵڕقییە و کەرب و کینە و زیادکردنی برینە ساڕێژنەکراوەکانی میللەت، ئەولاتر و باشتر و ئاقڵمەندانەتر دەبوو لەم سەردەمەدا کە کورد و هەموو لایەنەکان پێویستیان بە یەکدەنگی و یەگرتن هەیە خۆیان لەم جۆرە کردارانە دووربخەنەوە و لە خەمی ئێش و ئازاری جەماوەردابن؛ ئێمە داوا لە هەمووان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەم تاوانە کە دەستگیرکردنی بێتاوانەکانە بە بڕیاری لیژنەکانی حزب کە هەڵوێست بنوێنن و بێدەنگ نەبن”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كۆمپانیا نەوتییەكە ناڕازییە.. هەرێم بەنیازە کۆتایی بە كاری کۆمپانیایەکی توركی-بەریتانی بهێنێت

کۆمپانیای گەنەڵ ئینرێجی ڕۆژی 20ی ئاب ڕایگەیاندووە، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمەوە ئاگادارکراونەتەوە کە کۆتایی بە گرێبەستەکەیان…
Total
0
Share