بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، کار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکرێت.
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی سلێمانیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایگەیاند، کۆمسیۆن بەردەوام کار دەکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بۆ هەر وێستگەیەکی دەنگدان دوو کامێرای چاودێری دادەنرێت لە دەستپێکەوە تاوەکو کۆتایی ژماردن و جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکان، پرۆسەکە تۆماردەکات”.
وتیشی، “لەهەڵبژاردنی داهاتوودا لە رێگەی زیادکردنی کامێرایەک بۆ ئامێری بەراوردکاری، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر چارەسەر کراوە.”
باسی لەوەشکرد، ئەوانەی کە لەکاتی پرۆسەی بایۆمەتریدا پەنجەمۆریان نەیخوێندووەتەوە، لە رۆژی هەڵبژاردندا لە رێگەی وێنەیەکی بایۆمەترییەوە بەشداریی دەنگدان دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ملیۆنێک و 532 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە، زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزاریان بایۆمەترییان کردووە و زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزاریشیان کارتی بایۆمەترییەکانیان وەرگرتووەتەوە.”