محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک، پشووی رەسمییە بۆ ئێزدییەکان.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر ئەوەی یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک، بکرێتە پشووی رەسمی بۆ پێکهاتەی ئێزدی.
سودانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، سەبارەت بە پرسی ئێزدییەکان، چەند فەرمانێکی دەرکردووە، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
– دروستکردنی مۆزەخانەیەکی تایبەت لە شنگال بۆ ناساندنی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان.
– دروستکردنی میوانخانەیەک بۆ وەفدە نێودەوڵەتییەکان.
– دەرکردنی بەڵگەنامەی بەناوکردنی زەوی و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ ئێزدییەکان کە خۆی لە 14 هەزار یەکە دەبینێتەوە.
– تەواوکردنی نزیکەی دوو هەزار تاپۆ و رادەستکردنی بە هاوڵاتییانی ئێزدی لە رۆژانی داهاتوودا، لەوانەش رادەستکردنی 224 تاپۆ بە رزگاربووان.
– دەستپێشخەرییەکی حکومی بۆ دەستکردن بە پرۆژەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی رووخاو و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە شنگال و دەوروبەری، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون لە قەزاکە.
– جێبەجێکردنی 89 پرۆژە لە ناوچەکانی شنگال، کە تێچووەکەی لە چوارچێوەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و نەینەوا (2023-2024) گەیشتە 100 ملیار دینار و تاوەکو ئێستا دەست بە 23 پرۆژە كراوە.
– فەرمانی خەرجکردنی قەرەبووی مامەڵە تەواوبووەکان بۆ دانیشتووانی شنگال، قەحتانیە و ناوچەکانی رۆژئاوای نەینەوا و، تەواوکردنی ئەو 19 هەزار و 836 مامەڵەیەی کە ماوەتەوە.