وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم چەند رێنماییەکی نوێ بۆ بەرنگاربوونەوە و رێگریکردن لە سەرپێچیکردن لە تۆڕی کارەبادا بەشێوەیەکی نایاسایی، بڵاودەکاتەوە.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەم رێنماییانە کە لەئێستادا لە بواری جێبەجێکردندان، بۆ رێگریکردن لە راکێشانی کارەبا و دەستکاریکردنی پێوەری کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی و هەروەها دابینکردنی کارەبا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و سەلامەت بۆ هاوڵاتییان، داڕێژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ڕێنماییەکان هەر کەسێک کارەبای نایاسایی رابکێشێت، ئەوا دووچاری رێکاری یاسایی دەبێتەوە و تاوەکو 4 ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت و بڕی پارەی کارەبای بەکارهێنراو لە ماوەی راکێشانی کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی لەسەر هەژمار دەکرێت. هەروەها بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت و هێڵی کارەبای دەپچڕێت.
جەختیش لە گرنگیی دابینکردنی کارەبای بەردەوام دەکاتەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی بەشێوەیەکی رێک و پێک پسوولەی کارەبای مانگانەیان دەدەن.
وەزارەتی کارەبا راشیدەگەیەنێت، هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا و دەستکارییکردنی پێوەری کارەبا مەترسیدارە و دەکرێت ببێتە هۆی زیانی گیانی بەهۆی تەزووی کارەبا یاخود ئەو ئاگرەی بەهۆیەوە دروستدەبێت.
دەشڵێت، بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی سەرپێچیکردن و راکێشانی کارەبا بەشێوەیەکی نایاسایی، وەزارەتەکە هانی هاوڵاتییان دەدات بۆ ئەوەی تیمەکانیان ئاگاداربکەنەوە لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک لە تۆڕی کارەبا لە رێگەی پەیوەندیکردن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی رووناکی بە ژمارە 1992.