پارێزگاری واست رایدەگەیەنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاگر لە هایپەرمارکێتێکی شاری کوت کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 50 کەس گیانیان لەدەستداوە.
محەمەد مەیاحی، پارێزگاری واست لە بەیاننامەیەکدا، سێ رۆژ ماتەمینیی بۆ قوربانییانی رووداوەکە رایگەیاند و دەشڵێت، لە رووداوەکەدا ژن، پیاو و منداڵ، بوونەتە قوربانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەرمی بەرامبەر ئەو کەسانە نانوێنین کە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەرپرسیار بوون لەم رووداوە، لە ماوەی 48 کاتژمێریشدا ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بۆ رای گشتی رادەگەیەنین.
دەشڵێت، “سکاڵای یاساییمان لەسەر خاوەنی بیناکە و خاوەنی مۆڵەکە تۆمارکردووە”.
تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەکە لەلایەن دەزگا رەسمییەکانەوە ئاشکرانەکراوە.