مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتی: پێویسته‌ هێرشه‌ درۆنییه‌كان بۆ سه‌ر هه‌رێم رابگیرێن

مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییە بۆسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، “لەکاتێکدا کە یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پێناوی کۆتاییهێنان بە کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و هەرێم، هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی خۆی چڕکردووەتەوە و کار بۆ نەهێشتنی گرژی و ناكۆكی لە نێوان هەرێم و بەغداددا دەکات، زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ چه‌ندین هێرشی درۆنیی یه‌ک له‌دوای یه‌ک ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێم و كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی له‌ ناوچه‌ و پارێزگا جیاجیاكانیدا”.

ئاماژە بەوەشکراوە، “ئه‌و هێرشانه سه‌رچاوه‌كه‌یان له‌ هه‌ركوێوه‌‌ بێت و هه‌ر لایه‌نێك لێی به‌رپرس بێت، پێشێلكردنێكی ئاشكرای بنه‌ماكانی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆیی و سه‌قامگیرییه‌ له‌ وڵاتدا، كه‌ پێویسته‌ پێش هه‌رلایه‌ک حكومه‌تی عێراق خۆی سنوورێكی بۆ دابنێت و رایبگرێت، به‌وپێیه‌ی ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن و ره‌سمیی ده‌وڵه‌ته‌ و به‌رپرسیاره‌ له‌ پاراستنی ‌خاك و خه‌ڵكی عێراق و هه‌رێم و بنه‌ما و سه‌رچاوه‌ ئابورییه‌كانی، به‌تایبه‌تی كه‌ ده‌شێت ئه‌و پێشێلكارییانه‌، ببنه‌ مایه‌ی دروستبوونی گومان له‌ په‌یوه‌ندیی هێزه‌ عیراقییه‌كاندا و نیگه‌رانیش له‌ دۆخی ئه‌منیی وڵات”.

هەر لە بەیاننامەکەدا، مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی یەکێتی دەڵێت، “ئێمه‌ له‌كاتێكدا وه‌ك (ی.ن.ك) ئیدانه‌ی ئه‌و هێرش ‌و په‌لامارانه‌ بۆ هه‌رێم و دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین، داواكارین كه‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی عێراق رۆڵی خۆیان له‌ دوورخستنه‌وه‌ی وڵات له‌ هه‌ر ناسه‌قامگیرییه‌كی ئه‌منی و ناكۆكییه‌كی نوێی سیاسی بگێڕن، كه‌ ببێته‌ مایه‌ی ساردكردنه‌وه‌ی هێڵی گه‌رمی گفتوگۆ نیشتمانییه‌كانمان، كه‌ ئامانج لێیان چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و چاندنی متمانه‌ و برایه‌تیی زیاتر و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان عێراقییه‌كانه‌”.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share