پارێزگاری كەركوك كێشەی جووتیاران چارەسەردەكات و تاوەكو دوا بارهەڵگر گەنمی جووتیار وەردەگیرێت.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە شاری كەركوك گواستییەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی جووتیاران و وەرگرتنی بەروبوومەكانیان لە گەنمی ئەمساڵ، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دكتۆر حەیدەر گەرعاوی سەرۆكی لیژنەی ناوەندیی بەبازاڕیكردن، رێككەوتن كە ئەو بەرووبوومەی ماوەتەوە ئەمڕۆ هەمووی جەرد بكرێن و لە رۆژانی داهاتوو وەربگیرێن تاوەكو دوا بارهەڵگر.
وتیشی، “پێویستە سەرجەم جووتیاران كە فۆڕمی پەسەندكراویان هەیە لە لیژنەی لاوەكییەوە، ئەمڕۆ تاوەكو درەنگانی شەو، گەنمەكانیان باربكەن و روو لە سایلۆی كەركوك بكەن، لەپێناو جەرد كردنیان و وەرگرتنی بەرهەمەكانیان و دوای جەردكردنەكەش پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەردەوامدەبێت تاوەكو كۆتا بارهەڵگر”.