بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە بەهیچ جۆرێک باسی دانوستانەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەدەکات، هەر بەرەوپێشچوونێک هەبێت ئاماژەی پێدەدات.
یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکردنی پلانی سووتەمەنییە بۆ وەزارەتی کارەبا بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
تەوەرێکی دیکەش کاراکردنی وزەی پاک و دابینکردنیەتی بۆ باڵەخانە حکومییەکان، هەروەها گەشەپێدانی سێکتەری تەندروستی و دروستکردنی سێ نەخۆشخانەی گەورە لە شاری بەغداد، لەگەڵ چەندین پرسی دیکە تاوتوێدەکرێن.