وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەکەین.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، “پێشوازی لە دەستپێشخەریی ئەمریکا دەکەین کە بووەهۆی رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، ئەم هەنگاوە دەبێتەهۆی پێشکەوتنێکی ئەرێنی بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە”.
دەشڵێت، عێراق ستایشی ئەم هەنگاوە دەکات و پابەندبوونی هەمیشەیی خۆی دووپاتدەکاتەوە بە چارەسەری ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە، بە شێوەیەک کە دڵنیایی لەبارەی ئاسایش و سەلامەتیی گەلانی ناوچەکە بدات و رێگری لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان بکات.
وەزارەتەکە باسلەوەشدەکات، “دەستخۆشی لە دەوڵەتی قەتەر دەکەین بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بەمەبەستی نێوەندگیری، کە بەشدارییان کرد لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست، ئەمەش رەنگدانەوەی رۆڵی ئەو وڵاتەیە لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیش لەسەر پێویستیی پابەندبوونی تەواو بۆ جێبەجێکردنی ئاگربەست دەکاتەوە، بەوپێیەی ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکان.
هاوکات عێراق پیرۆزبایی خۆیشی ئاراستەی ئێران دەکات و هیوا دەخوازێت، “ئەم هەنگاوە سەرەتایەکی راستەقینە بێت بەرەو چارەسەری ریشەیی و بەردەوام، بۆ گرژییە هەنووکەییەکان، لە چوارچێوەی ئاشتی و دیپلۆماسیەت”.