ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی مووچە بەغداد رای خۆی بە روونی داوە، پێویستە حکومەتی هەرێم یەکلایی بکاتەوە.
دارا سێکانیانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستانە و دەبێت ئەو کێشەی مووچە یەکلاییبکاتەوە، بۆ ئەمەش چەند بژاردەیەکی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەرێم داهات و پارەی پێویستی هەیە، وەک ئامادەنییە رادەستی بکات و نەوت لە رێگای سۆمۆوە بفرۆشێت و پابەندی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە تەوتین نابێت، با رایبگەیەنێت و خۆی مووچە دابەشبکات.
جەختیشیکردەوە، ماوەی 12 ساڵە هەموو مانگێک بە بەردەوامیی بە سپۆنسەری حکومەتی هەرێم فیلمی مووچە دووبارە دەبێتەوە، کە خۆی ناتوانێت دابینیبکات و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش جێبەجێناکات.