مامۆستایەکى زانکۆ دەڵێت، حکومەتى ئێستاى سوریا بە لاوازی و داڕمانی ئابورییەوە، بڕیاریدا لە 200%ى مووچەی فەرمانبەران زیادبکات، بەڵام حکومەتی هەرێم بەهۆی “رەفتار و کاڵفامیی سیاسییەوە” 100%ى مووچەى بڕیووە.
ئەحمەد میرە، مامۆستاى زانکۆ و رۆژنامەنووس رایگەیاند، ئەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکانی عێراق دەربارەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانى هەرێم شۆکهێنەربوو، ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی راستەقینەی “سەرۆکایەتیی هەرێم و تیمی کەرامەت و قبوڵیناکەمی کوردە”. چاوەڕێین توانای خۆیان دەربخەن و مووچە بۆ خەڵک دابینبکەن.
وتیشى، “حکومەتی شەرع لە سوریا بە لاوازی و داڕمانی ئابورییەوە، بڕیاریدا لە 200%ى مووچەی فەرمانبەران زیادبکات، بەڵام حکومەتی هەرێم بەهۆی رەفتار و کاڵفامیی سیاسییەوە، 100%ى مووچەی بڕیوە”.
“تیمی کەرامەت بە بیانووی شەڕی ئێرانەوە، خۆی کپ و مت و گێلکردووە و لە ڕێگای میدیای زەبەلاحی خۆیەوە خەریکی هۆنینەوەی چیرۆکە زۆر و خەیاڵییەکانی تاران و تەلئەبیبن. راستە ئەم شەڕە ترسناکە و لە دەرگا شەقوشڕەکەی ئێمەیشدایە، بەڵام نابێتە بەهانەی زیاتر برسیکردنی خەڵک”، ئەحمەد میرە وا دەڵێت.
داواشدەکات، ئیتر راگەیاندن بە ئەندازەیەکی زۆر چاوی بخاتەوە سەر پرسی مووچە، چونکە هەموو شەڕ و سیاسەت و سیاسییەکانی دونیا، بەهای نانێکی گەرمیان بۆ خەڵکی کوردستان نییە.