وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی لە ئێران، دەکات، خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن کە ئەگەری هێرشکردنەسەریان هەیە.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “لەبەر رۆشنایی بەردەوامیی گرژییە ئەمنییەکانی ئێستا لە ژمارەیەک شاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ئەنجامی هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوە داوا لەو عێراقییانە دەکات کە نیشتەجێی ئێرانن، ئەوپەڕی وریابن و خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن کە ئەگەری هەیە ببنە ئامانجی ئەو هێرشانە”.
وەزارەتەکە داواش لەو هاوڵاتییانە دەکات، پابەندی رێنماییەکان بن کە لە لایەن دەسەڵاتە فەرمییەکانەوە دەرچووە، هەروەها لە کاتی پێویست یان لە حاڵەتی نەخوازراودا، پەیوەندی بکەن بە باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران و کونسوڵخانەکانی لە شارەکانی دیکە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، نیگەرانیی وڵاتەکەش بۆ سەلامەتیی عێراقییەکان دووپاتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، لەگەڵ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدان بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی پێویست بە هاوڵاتییەکانی وڵاتەکەی لە ئێران.