تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە سلێمانی دەستنیشانکرا.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بڵاویکردەوە، حاڵەتێکی دیکەی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا، ئەویش پیاوێکی دانیشتووی شاری سلێمانی/ چوارچرایە.
دەشڵێت، ئەو تووشبووە تەمەنی 41 ساڵە، لەڕێگای سەربڕینی چەندین ئاژەڵ، بەرکەوتەی ئاژەڵی تووشبوو بووە، دوای گومانلێکردن بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و بوونی نیشانەکانی و چەندین رێکاری دەستنیشانکردن و چارەسەری پزیشکی گیراوەتەبەر، ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانە خەوێندراوە و چارەسەر وەردەگرێت و تاوەکو ئێستا باری تەندروستی جێگیرە.
وەزارەتەکە دەڵێت، تاوەکو ئێستا دوای بوونی چەندین حاڵەتی گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان و هاتنیان بۆ نەخۆشخانە و بەدواداچوون و پشکنین بۆ گومانلێکراوان لەماوەی دوو مانگی رابردوو، دەرەنجام تەنها شەش حاڵەت دەسنیشانکراون و پشتڕاستکراوەتەوە کە حاڵەتێکیان لەبەر قورسیی باری تەندروستی گیانیلەدەستدا و حالەتەکانی دیکە بەتەواوی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.