پەیامێکی نوێ لە پزیشکیانەوە

سەرۆک کۆماری ئێران، دووەم پەیامی لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکە، راگەیاند.

لە پەیامەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێراندا؛ کە بە شێوازی ڤیدیۆیی بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، “شەوی رابردوو شاهیدی دەستدرێژیی دڕندانەی رژێمی تاوانکاری زایۆنیستی دژ بە تاران و شارەکانی دیکەی وڵاتەکە بووین، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک منداڵ و ژن و، کۆمەڵێک هاوڵاتیی بێتاوان و فەرماندەی سەربازی و زانایانی ئەتۆمی، شەهیدکران”.

وتیشی، “ئەم کردەوە دڕندانەیە کە پێچەوانەی هەموو ئەرکە نێودەوڵەتییەکان بوو، سروشتی تاوانکاریی رژێمی نایاسایی زایۆنیستی پشتڕاستدەکاتەوە، کە خۆی لەسەر بنەمای داگیرکاری، شەڕانگێزی و منداڵکوژیی، دامەزراندووە”.

بەشێکی دیکەی دەقی پەیامەکەی پزیشکیان:

دەستدرێژییەکەی شەوی رابردوو، راستیی ئەو قسەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی سەلماند کە ماوەیەکی دوورودرێژە دەڵێین، دەستدرێژی و تاوانکاری، لە ناخی رژیمی زایۆنیدا هەیە.

بێگومان نەتەوەی ئێران و بەرپرسانی وڵات، لە بەرامبەر ئەم تاوانە بێدەنگ نابن و وەڵامی رەوا و بەهێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران وا دەکات، دوژمن پەشیمان ببێتەوە لەو کردەوە گەمژانەیەی.

بە وتەی ئیمامە گەورەکەمان، ‘هەرکاتێک ئاڵایەک لە دەستی فەرماندەیەک کەوتەخوارەوە، فەرماندەیەکی دیکە هەڵیدەگرێت و کارەکەی تەواودەکات’.

کۆماری ئیسلامی وەک چۆن هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ ئاشتی و ئارامی لە جیهان و ناوچەکەدا خستووەتەگەڕ و ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ وتووێژی درێژخایەن و متمانەسازی بۆ جیهان سەلماندووە، بە ئاراستەی ئاشتی، لە بەرامبەر دەستدرێژی و بەرگریی رەوای یەکپارچەیی وڵاتیشدا، هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەگرێتەبەر.

لێرەدا داوا لە نەتەوەی بەڕێز و بوێری ئێران دەکەم، کە یەکگرتوویی، یەکپارچەیی و هاوسۆزیی خۆیان بپارێزن و خۆیان لە بایەخدان بە دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست، کە لە شەڕی دەروونیی دوژمندا دروستدەبن بەدووربگرن متمانەیان بە دەسەڵاتداران هەبێت.

خەڵک دڵنیادەکەمەوە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی، بە هەموو هێز و بوونیەوە بەردەوامدەبێت لە خزمەتکردنی نەتەوەی خۆشەویست و ئەمانە هەرگیز نابنەهۆی پەکخستن و تێکدانی ژیانی گشتیی هاوڵاتییان.

ئەمڕۆ نەتەوەی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە پێکەوەبوون، متمانە، هاوسۆزی، یەکگرتوویی و رێککەوتن هەیە و بە یارمەتیی خودا، بە رۆحێکی وەها بەنرخ، وەڵامێکی توند و ژیرانە و بەهێز دەداتەوە بەرامبەر بە تاوانی رژێمی داگیرکەر، کە ئەمڕۆ لە چاوی بیروڕای گشتیی جیهان و خەڵکی ناوچەکە و نەتەوەی ئێران، قێزەونترین قەوارەیە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share