بومەلەرزەیەک بە گوڕى 6.4 پلە ناوچەى ئەتاکاما-ى لە باکوورى چیللى هەژاند، بەبێ ئەوەى زیانى گیانى لێبکەوێتەوە، بەڵام بووە هۆى بچڕانى تەزووى کارەبا لە زیاتر لە 20 هەزار کەس، وەک ئەوەى دەسەڵاتداران بڵاویانکردەوە.
بومەلەرزەکە لە دووریی 54 کیلۆمەتر لە باشوورى شارى دییگۆ دى ئەلماگرۆ روویدا.
میدیاکان وێنەى چەندین دیوارى داڕماو و پەنجەرەى شکاویان لە شارى کوبیابۆ، کە دەکەوێتە 800 کیلۆمەتر لە باکوورى سانتیاگۆ-ى پایتەخت، بڵاوکردەوە.
بومەلەرزەکە بووە هۆى بچڕانى کارەبا لە 23 هەزار بەشداربووى ناوچەى ئەتاکاما.
چیللى بە یەکێک لەو وڵاتانەى جیهان دادەنرێت کە چالاکیی بومەلەرزە تیایدا زۆرە بەهۆى بەیەکگەیشتنى هەر سێ پلێتى نازکا، ئەمریکاى باشوور و ئەنتارکتیکا لەسەر خاکەکەى.
ساڵى 1960 بومەلەرزەیەک بە گوڕى 9.5 پلە شارى ڤالدیفیا-ى باشوورى هەژاند و بووە هۆى گیانلەدەستدانى نۆ هەزار کەس، ساڵى 2010ش بومەلەرزەیەک بە گوڕى 8.8 پلە کە تسۆنامى بەدواداهات، بووە هۆى گیانلەدەستدانى زیاتر لە 520 کەس.