بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای چوارتا رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و کەسێک گیانیلەدەستدا.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە و تێیدا هاتووە، “سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ، رووداوێکی هاتوچۆ لە قەزای چوارتا روویدا لە نزیک هۆڵی بۆنەکان لە ناو سەنتەری قەزاکە”.
دەشڵێت، رووداوەکە لەنێوان ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری نیسان سەنی روویداوە و لە ئەنجامدا، شۆفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانیلەدەستدا و ئەو سەرنشینەی لەسەر مۆتۆڕسکیلەکە بووە برینداربوو.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کەشف و هێڵکاریی شوێنی رووداوەکە لەلایەن هاتوچۆی چوارتا بە ئەنجام گەیەندراوە، کاری یاسایی رێکخراوە، رەوانەی بنکەی پۆلیسی چوارتا کراوە و مەلەفی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە.