سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەولێر و بەغداد، سەبارەت بە وردەکارییەکانی چۆنیەتیی رادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی، گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەردەوامە سەبارەت بە چۆنیەتیی رادەستکردنی چەکەکان لەلایەن پەکەکەوە.
ئەوەشی وت، پلان هەیە بۆ ئەوەی ئیدارەی هەولێر و بەغداد، بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکەن.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوە و داماڵینی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، چووەتە قۆناغێکی نوێوە.