وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەستیکردووە بە ئەنجامدانی پشکنینی رەگەزگۆڕین لەنێو سەربازەکانیدا، بە ئامانجی دوورخستنەوەی ئەو کەسانەی رەگەزی خۆیان گۆڕیوە.
بەپێی رۆژنامەی (زە هیڵ)ـی ئەمریکی، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن فەرمانیان داوە دەستبەجێ ئەو سەربازانە دەستنیشانبکرێن کە رەگەزی خۆیان گۆڕیوە، یاخود بەدەست “ناڕێکیی رەگەزییەوە” دەناڵێنن.
جەختیشکراوەتەوە، ئەو فەرماندانەی کە ئاگادارن لە یەکەکانیاندا حاڵەتی لەو شێوەیە هەیە، پێویستە پێداچوونەوە بە تۆمارە پزیشکییەکانی ئەو سەربازانەدا بکەن، کە ئایا پێشتر هیچ سەردانێکی پزیشکییان پەیوەست بە رەگەزگۆڕین، یاخود ناڕێکیی رەگەزەوە هەبووە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە مانگی یەکدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی هەڵوەشاندەوە، کە رێگەی بە کەسانی رەگەزگۆڕاو دەدا، لە سەربازیدا خزمەت بکەن.