وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسلەوەدەکەن، لە پەراوێزی سەردانەکەی ترەمپدا بۆ سعودیە، عێراق داوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، پەیوەندییەکی پتەومان لەگەڵ شانشینی سعودیە هەیە و هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵیدا بەرەوپێشتر ببەین بۆ قۆناغی هاوبەش و هاوکاری.
لەبارەی گەشتەکەی دۆناڵ ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باسم عەوادی وتی، “زۆر گرنگە بۆ ئایندەی ناوچەکە و گەلانی عەرەب”.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باسلەوەدەکەن کە عێراق داوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی ترەمپ لە سعودیە کردووە، وتەبێژی حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە، بەغداد داوای بەشداریکردنی لەو کۆبوونەوانەدا نەکردووە و داوای ئامادەبوونیشی لێنەکراوە.
رۆژی 13/5/2025، گەشتەکەی ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد و بە فڕۆکەیەکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە و، رۆژی دواتریش سەردانی قەتەری کرد و دوای ئەویش، سەردانی ئیماراتی کرد.