تەندروستیی هۆنگ کۆنگ: ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر تووشبوو تۆمارکراون

بەپێی میدیا جیهانییەکان، لەم ماوەیەی دواییدا لە بەشی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ژمارەی تووشبووانی کۆڤید-19، بەتایبەتی لە هۆنگ کۆنگ و سەنگافورە، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

دەسەڵاتدارانی تەندروستیی هۆنگ کۆنگ ئاماژە بەوەدەکەن، ناوچەکە چووەتە ناو شەپۆلێکی نوێی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و لە چەند هەفتەی رابردوودا، رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

داتاکانی سەنتەری پاراستنی تەندروستیی هۆنگ کۆنگ دەریانخستووە، رێژەی نموونە پۆزەتیڤەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە، لە مانگی ئازار 1.7% بوو، بەڵام لەئێستادا رێژەکە بۆ 11.4% بەرزبووەتەوە.

ئەلبێرت ئاو، سەرۆکی لقی نەخۆشییە گواستراوەکانی سەنتەرەکە دەڵێت، لەئێستادا چالاکیی ڤایرۆسیی لەو ناوچەیەدا “زۆر بەرزە” و بەردەوام تووشبووی نوێ تۆماردەکرێن.

هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی سەنگافورە، یەکەم نوێکاری خۆی لەبارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، ژمارەی تووشبووان بەڕێژەی 28% زیادیکردووە و تا رۆژی 3/5/2025، 14 هەزار و 200 تووشبوو تۆمارکراون.

تەندروستیی سەنگافورە دەشڵێت، هۆکاری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە دەرکەوتنی جۆری توندتر نییە، بەڵکو بۆ دابەزینی بەرگریی لەش لەنێو دانیشتوواندا دەگەڕێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share