شارەزایەکى ئابورى “گرنگترین هۆکار”ی بەرزبوونەوەى نرخى دینار دیاریدەکات

شارەزایەکى ئابورى گرنگترین هۆکارى دابەزینى نرخى دۆلار لە عێراق رووندەکاتەوە و پێشبینییەکیش لەبارەیەوە دەخاتەڕوو.

نەبیل مەرسومى، شارەزای ئابوریی عێراقى لە لێدوانێکدا رایگەیاند، سەرەڕاى ئەوەى بەرزبوونەوەى نرخى دینار لە بەرامبەر دۆلار پەیوەندیدارە بە کۆمەڵێک هۆکارەوە، بەڵام پێموایە گرنگترینیان بەهۆى ئەو پێشکەوتنەیە کە لە دانوستانەکانى ئەمریکا-ئێراندا هاتووەتە ئاراوە.

وتیشى، “ئەگەر وتوێژەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا بگاتە رێککەوتن، ئەوکات نرخى ئاڵوگۆڕى دۆلار بەرامبەر بە دینار لە بازاڕەکاندا زۆر نزیکدەبێتەوە لە نرخى رەسمى”.

لە چەند رۆژى رابردوودا نرخى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوەى بەرچاوى بەخۆیەوە بینى و بەهۆیەوە نرخى 100 دۆلار گەیشتە 142 هەزار دینار و کەمتر، لەکاتێکدا پێشتر لە نزیکى 150 هەزار دیناردا بوو.

لەکاتێکى پێشتریشدا مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایى سەرۆک وەزیران رایگەیاند، خواست لەسەر دۆلار کەمبووەتەوە بەهۆى سێ هۆکارى سەرەکى کە ئەوانیش بریتین لە، سەرکەوتنى بانکى ناوەندى لە پارەدارکردن، هاندانى پارەدارکردنى بازرگانییە بچوکەکان بەشێوەى راستەوخۆ پاش لابردنى ئاستەنگییەکان و ئاسانکارى لە بەدەستهێنانى دۆلار لەلایەن گەشتیارانەوە لەڕێى کارت و لە فڕۆکەکان بە نرخى رەسمى.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share