ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری دەکات رێکارەکانی رێکخستنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێبکات.
ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم بە نووسراوی ژمارە (4920) لە (2025/4/27) کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمى کردووە دەڵێت، پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراق، رێکارەکانی رێکخستنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێ بکەن، بە رەچاوکردنی بنەماکانی پەیڕەوکراو لەلایەن وەزارەتى دارایى فیدراڵ و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانى شارستانیی هەرێم لە سەرەتاى ساڵى 2016ەوە بەهۆى “قەیرانى دارایی” راگیراوە و تائێستا دەستیپێنەکردووەتەوە.
مەرجەکانى پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەر وەک ئەوەى لە یاساى راژەى شارستانیدا هاتووە، چەند بڕگەیەک لەخۆدەگرێت، ئەوانیش:
1- بوونى پلەی بەتاڵ یان وەزیفەی بەتاڵ لە پلەیەکی بەرزتر لەو پلەیەی کە تێیدایە لەنێو میلاکی وەزیفی فەرمانگەکەی.
2- تەواوکردنی ماوەی بڕیاردراو بۆ پلەبەرزکردنەوە.
3- فەرمانبەر مەرجەکان و توانای پێویستی هەبێت بۆ ئەو وەزیفەیەی بۆی کاندید دەکرێت بۆ پلەبەرزکردنەوە.
4- سەلماندنی تواناکانی فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی ئەو وەزیفەیەی کە نیازوایە پلەکەی بۆی بەرزبکرێتەوە بە راسپاردەی سەرۆکی راستەوخۆ و پەسەندکردنی سەرۆکی باڵا.