دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی وێنەکەی بە جلوبەرگی پاپای ڤاتیکانەوە دەڵێت، “من بڵاوم نەکردووەتەوە و نازانم لەکوێوە هاتووە”.
سەرەڕای ئەوەی لە هەژماری تایبەتی خۆیدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو وێنەیەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “نازانم ئەو وێنەیەم بە جلوبەرگی پاپای ڤاتیکانەوە، کە بە زیرەکیی دەستکرد دروستکراوە لەکوێوە هاتووە”.
وتیشی، “کەسێک وێنەیەکی منی دروستکردووە کە جلوبەرگی پاپام لەبەردایە، ئەوانیش لە ئینتەرنێت بڵاویانکردەوە، من ئەوەم نەکردووە و هیچ لەو بارەیەوە نازانم، دوێنێ شەو بینیومە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوسەرەکەی جلوبەرگەکەی بەدڵ بووە و پێی وتووە، “لێت جوانە”.
چەند رۆژێک پێش ئێستا، ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێکدا رایگەیاند، “پێم خۆشە ببمە پاپا”، دواتر وێنەی خۆی بە جلوبەرگی پاپای ڤاتیکانەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.