چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە.
رۆژی 29/4/2025 د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق مەرسومی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی رادەستی نوخشە ناسیح، پارێزگاری بەوەکالەتی شارەکە کرد.
پێشتریش چرۆ حەمەشەریف بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پاش واژووکردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە رەوانەی وەزارەتی دادی عێراق دەکرێت و پاش 15-20 رۆژ، پرۆژەیاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاودەکرێتەوە و بەرەسمی هەڵەبجە دەبێتە پارێزگا.