وەزیری دارایی عێراق، رایگەیاند، “راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی بۆ پارەدارکردن و مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر بووە”.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، ” ئەنجومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى 15ى نیسانى 2025 دەسەڵاتى پێداوین بۆ راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی کە بڕەکەى سێ تریلیۆن و 45 ملیار و حەوت ملیۆن و 500 هەزار و 252 دینار بووە، بۆ پارەدارکردن و مووچەى مانگى نیسان و مانگەکانى دواتر”.
دەشڵێت، “راکێشانى پارەى سپاردەى دارایی رێوشوێنێکى سرووشتییە و پشتبەستووە بە بڕیارى ژمارە (294)ى ساڵى 2025ى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، بەوپێیەى ئەو بڕە پارەیە بەشێکە لە داهاتى کۆتایی گەنجینەى گشتیى دەوڵەت”.
وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەشکرد، “پارەى سپاردەى دارایی لە هەژمارێکى بانکیى وەزارەتی داراییدایە لە بانکی ناوەندى و ئەو پارەیە بە کاتى لەوێ دەبێت تاوەکو رێوشوێنەکانى پاکتاوى باج دەکرێن بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو بڕە پارەیەى لەو هەژمارە دانراوە یەکسانە بەو باجەى لەسەر باجدەرەکەیە، ئەگەر پارەکە زیاتر بوو دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو لایەنەى پارەکەى داناوە، ئەگەر هاوشێوەش بوو ئەو بڕە پارەیە وەک بەشێک لە داهاتى گەنجینەى دەوڵەت هەژماردەکرێت”.