یەکەم حاڵەتى گیانلەدەستدان بە تاى خوێنبەربوون لە پارێزگایەکى دیکەى عێراق تۆمارکرا.
بەپێى زانیارییەکان، تووشبووەکە قەسابێكی خەڵكی ناحیەی بووهرزە لە باشووری بەعقوبە و، دوێنێ تووشبوونى راگەیەندراوە.
بەوەش ژمارەى گیانلەدەستدان بەو نەخۆشییە لە عێراق بۆ پێنج حاڵەت بەرزبووەوە.
پێشتر وەزارەتى تەندروستیی عێراق لە ئامارێکدا تووشبوونى 26 کەس و گیانلەدەستدانى چوار کەسى بەو نەخۆشییە راگەیاند، کە دووان لەوانەى گیانیان لەدەستداوە لە کەرکوک بوون.
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە؛ بەپێی راپۆرتێکى رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، 40%ی ئەو كەسانەی تووشی دەبن، گیانلەدەستدەدەن.
ئەو نیشانانەی کە رەنگە ببنە مەترسی لەسەر ژیان بریتین لە (خوێنبەربوون لە ژێر پێست، لە ئەندامەکانی ناوەوەی لەش، یان لە دەم و چاو و گوێ، هەروەها تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار، کۆما، هێڵنج، لەکارکەوتنی گورچیلە یان جگەر، کێشەی هەناسەدان).