رێکخراوی کاری جیهانی رۆژی 28ی نیسانی وەک رۆژی جیهانیی سەلامەتی و تەندروستی لە شوێنی کار داناوە.
نەبوونی رێوشوێنی سەلامەتیی گونجاو دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی فشاری جەستەیی و دەروونی لەسەر کرێکاران و کاڵکردنەوەی هێڵەکانی نێوان ژیانی پیشەیی و تایبەت و کەمبوونەوەی توانای تاکەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی وردەکارییەکانی کارەکانیان.
جیهانی ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە گۆڕانکارییەکی خێرا لە سروشتی کاردا بەخۆیەوە دەبینێت، زیرەکیی دەستکرد و ئامرازە دیجیتاڵییەکان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە شوێنی کار، کە بەشدارن لە باشترکردنی سەلامەتی و کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
ئەم تەکنەلۆژیایانە ئاسۆی بەرفراوان بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردن دەکەنەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا، ئەگەر بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە بەکارنەهێندرێن، رەنگە تەحەدای نوێ لەگەڵ خۆیان بهێنن.
هەڵمەتی ئەمساڵی ئەم رۆژە جیهانییە ئامانجی تیشک خستنە سەر کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی دیجیتاڵییە لەسەر سەلامەتی و تەندروستیی شوێنی کار، ئەو بابەتانەی باسیان دەکەین بریتین لە ئۆتۆماتیکیکردنی ئەرکەکان، بەکارهێنانی ئامرازەکانی چاودێریکردنی زیرەک، هەروەها تیشک دەخاتە سەر شێوازە نوێیەکانی کارکردن، وەک کارکردن لە سەرانسەری پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، و کاریگەرییەکانیان لەسەر سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی کرێکاران.
لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، رێکخراوی کاری جیهانی راپۆرتێکی نوێ بڵاودەکاتەوە کە بە قووڵی لەم پرسانە دەکۆڵێتەوە، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن دەتواندرێت گۆڕانکاریی دیجیتاڵی بەکاربهێندرێت بۆ خزمەتکردنی سەلامەتیی مرۆڤ لەڕێگەی هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتەکان، خاوەنکارەکان، کرێکاران و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.