بزووتنەوەی گۆڕان – گردی زەرگەتە دوا هەڵوێستی خۆی راگەیاند

بزووتنەوەی گۆڕان – گردی زەرگەتە راگەیەندراوێكی رەسمیی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “بەهۆی تەواونەكردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی، بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێك بۆی نییە بە ناوی رێكخەر، بزووتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسەبكات و هیچ كارێك ئەنجامبدات”.

دەقی راگەیەندراوەكە:-

راگەیەندراوی بزووتنەوەی گۆڕان

‏‎هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان

‏‎سەرجەم گۆڕانخوازانی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان

‏‎ئەمڕۆ لە كۆنفرانسی نیشتیمانیدا، رێژەیی یاسایی (نصاب القانونی) ئەندامانی دەستەی گشتی كە (1064) ئەندامە ئامادە نەبوون و، بگرە كەمتر لە 50% ئەو رێژە یاساییە ئامادە بوون. لێرەوە ئێمە ڕایئەگەیەنین:

‏‎یەكەم: بە بڕیار و نووسراوی فەرمی فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسیەكان، ژمارە (ش.ح/خ/ 857)، لە رێكەوتی 26ی 3ی 2025، پاڵپشت بە بە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران ژمارە (1) لە كۆنووسی ئاسایی (9) رێكەوتی 4ی 3ی 2025، تایبەت بە دانانی رۆژی كۆنگرەی دامەزراندنی گۆڕان بەشێوەیەك لە 10ی 4ی 2025 تێنەپەڕێت و لە چوارچێوەی ئەو ماوەیەدا لە 5ی 4ی 2025 لە (گردی زەرگەتە) ئەنجامدا و كۆی مەرجە یاساییەكانی كۆمسیۆن لە پەسەندكردنی بەرنامەی سیاسی، دەستوری ناوخۆی و هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ئەنجامدا.

‏‎دوەم: بە فەرمی داوامان كردووە كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە رێكەوتی 5ی 4ی 2025 بە شێوەیەكی یاسایی ئەنجام درا پەسەند بكرێ.

‏‎سێهەم: بە نووسراوی فەرمی فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسیەكان، ژمارە (ش.ح/خ/ 957)، رێكەوتی 13ی 4ی 2025 و بە بڕیاری (1)، كۆنووسی نائاسایی (48) رێكەوتی 11ی 9ی 2024 ماوەی (6) مانگی بۆ ئەو بەڕێزانە دانا، پاش پێدانی مانگێكی تریش، لە بەرواری 10ی 4ی 2025، ماوە یاساییەكانی كۆمیسیۆن كۆتایی هات. لەسەر ئەم بنەمایەش، ویلایەتی رێكخەری پێشووی گۆڕان و بریكارنامەكەی كۆتایی هاتووە.

‏‎چوارەم: بەهۆی تەواو نەكردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی، بە هیچ شێوەیەك كەسێك بۆی نیە بە ناوی رێكخەر، بزوتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسە بكات و هیچ كارێك ئەنجام بدات.

‏‎ئێمە جەخت دەكەینەوە كە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و دەستوری ناوخۆی و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بنەمای كار و چەتری كاری رێكخراوەیمانە. داوا لە هەموو گۆڕانخوازانی دڵسۆز دەكەین، بەو بەڕێزانەی لەو كۆنفرانەسەی ئەمڕۆ ئامادەبوون، گردی زەرگەتە ماڵی هەر هەموو ئەو بەرێزانەیە كە رۆژێك بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تێكۆشاون، هێڵی سورمان لەسەر هیچ كەسێك نیە كە بڕوای بە گۆڕانكاری و دیموكراسیەتی حزبی هەیە و هەمومان ئەتوانین بەیەكگرتووی و یەكخستنی تواناكانمان بەیەكەوە كار بۆ ئامانجە رەواكانمان بكەین. ئێستا كاتی یەكخستنەوەی تواناكانمانە لە سایەی رێبازی راستەقینەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا.

‏‎جارێكی تر ڕایدەگەیەنین كە بزوتنەوەی گۆڕان بڕوای بە ئازادی رادەربڕین و رەخنەی بونیادنەر هەیە بۆ گەشەپێدان و كۆتایهێنان بەناكۆكیەكان.

‏‎بزوتنەوەی گۆڕان

‏‎26ی 4ی 2025

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share