باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، “پێشتر کۆنفرانسمان ئەنجامداوە و داوای پەسەندکردنیمان کردووە، کۆنفرانسەکەی سبەینێش خەوشی یاسایی لەسەرە”.
باڵی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی سەبارەت بە كۆنفرانسی سبەی شەممە، 26/4/2025 بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، “لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كە بزوتنەوەی گۆڕان پێشتر لە رۆژی 5/4/2025 كۆنفرانسی دامەزراندنی خۆی ئەنجامداوە. ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەیەكی قانونی داوای پەسەندكردنی كۆنفرانسی 5/4/2025ـمان كردووە، چاوەڕوانین بە ئەرێنی وەڵام بدرێتەوە. سەرەڕای ئەمەش بە بڕیارێكی كۆمسیۆن سبەینێ بۆ كۆنفرانسێكی نوێ دانراوە كە لەڕووی یاساییەوە تا وەڵامی كۆنفرانسەكە وەرنەگرینەوە، كۆنفرانسی 26/4/2025 خەوشی قانونی لەسەرە و لەم رووەوە دڵنیاین سبەینێ نیسابی قانونی تەواو نابێت”.
ئەوەش هاتووە، “پابەندی خۆمان بە هەموو رێكارێكی یاسایی رادەگەیەنین. لێرەوە بە رای گشتی رادەگەیەنین بەپێی یاسا دەبێت (1064) كەس لە ئەندامانی دەستەی گشتی بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادەبن. بۆیە بەرپرسیارێتی یاسایی سەبارەت بە رێژەی یاسایی (نصاب القانونی) دەخەینە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و دەبێت خۆی دوور بگرێ لە هەر دەستێوەردانێكی نایاسایی”.
دەشڵێت، “ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە چاودێری بەڕێوەچوونی كاروبارە یاساییەكان دەكەین و رێگە بە هیچ جۆرە یاساشكێنییەك نادەین”.