سەرۆکى یەکێتى رایدەگەیەنێت، ئەرک و بەرپرسیارێتی رێکدەخەینەوە و بە بەرنامەی نوێ و نیشتمانییانە هێزی یەکێتی باشتر بەگەڕدەخەینەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەرک و بەرپرسیارێتی لەناو حیزبدا رێکدەخەینەوە و بە بەرنامەی نوێ و نیشتمانییانە هێزی یەکێتی باشتر بەگەڕدەخەینەوە.
وتیشى، “گیانی یەکێتی بوون لەسەر رێبازی راست و رەوانی سەرۆک مام جەلال دەبوژێنینەوە”.
ئەو وتانەى سەرۆکى یەکێتى ئەمڕۆ لە دەباشان لەمیانەى پێشوازیکردنیدا بوو لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی.
لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە و نوێبوونەوە لەناو ئۆرگانەکان و داڕشتنەوەی بەرنامە و رێکخستنەوەی دامەزراوەکانی یەکێتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
لاى خۆیەوە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا نوێبوونەوە و رێکخستنەوەی دامەزراوەکانی یەکێتی بە گرنگ وەسفکرد و سوپاسی سەرۆک بافڵی کرد کە پاڵپشتی ئەو هەنگاوانە دەکات، وەک ئەوەى لە راگەیەندراوى کۆبوونەوەکەدا هاتووە.