نوێترین زانیاری لەبارەی گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا یوسف بەردەوامە و پێشیبینیدەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا بتوانن بیدۆزنەوە.

کاروان میراودەلی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمڕۆ دوو هەفتەی تەواوە بەدوای تەرمی ئاڤێستا یوسف لە رووباری تەنگاتوور بەردەوامە، تا ئێستا نەمانتوانیوە بیدۆزینەوە، بەڵام ئومێدمان وایە لەم هەفتەی کە دێت بتوانین بیدۆزینەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاستی ئاوەکە دابەزیوە، پلەی گەرمیش بەرزتربووەتەوە ئومێدمان وایە بەو هۆیەوە زووتر تەرمەکە سەرئاو بکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی یاسا کاتێک کەسێک لە ئاوێکدا دەخنکێت، مانگی یەکەم تیمەکانمان بەردەوام دەبن بە شەو و رۆژ لە گەڕان بەدوایدا، ئەگەر لەو ماوەیەدا نەدۆزرایەوە لە مانگی دووەمدا لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ بەدوایدا دەگەڕێین، ئەگەر لەو ماوەیەشدا هەر نەدۆزرایەوە راپۆرتی خۆمان ئامادەدەکەین لەو بارەیەوە و کۆتایی بە گەڕان دەهێنین، بەڵام بۆ ئەم حاڵەتە بە هیواین نەگەینە ئەو کاتە و زۆر زووتر بتوانین تەرمەکە بدۆزینەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share