ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “هەموو هاوڵاتییەک شایستەی ژیانێکی شکۆمەندانەیە، نەک نرخی کارەبا و خزمەتگوزاریی لەسەر زیادبکرێت، چونکە نرخی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ بەتاڵکردنەوەی گیرفانی هاوڵاتییە”.
عومەر گوڵپی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ئێستادا حکومەت بەردەوامە لە زیادکردنی ژمارەی ئەو گەڕەکانەی دەکەونە ناو چوارچێوەی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری (رووناکی) و سوورە لەسەر نرخە بازرگانییەکەی کە بۆ هەر کیلۆواتێک نزیکەی 100 دینار دیاریکراوە.
دەشڵێت، “ئەگەر ئەم نرخانە جێگیربکرێت ئەوا شتێک بەناوی کارەبای حکومییەوە نامێنێت، چونکە هاولاتیی سەرجەم تێچووی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئەستۆ دەگرێت و حکومەت لە هاوڵاتییانی وەردەگرێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، تێستی راستەقینەی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە وەرزی هاوین و زستاندا دەردەکەوێت، چونکە ئێستا وەرزی بەهارە و هاوڵاتییان وەک پێویست کارەبا بەکارناهێنن، بەڵام لەمانگی شەش و حەوتدا ئاستی بەکارهێنانی راستەقینەی بۆ هاوڵاتییان دەردەکەوێت.
لە کۆتاییدا ئەوەشی خستەڕوو، هەموو هاوڵاتییەک شایستەی ئەوەیە ژیانێكی شکۆمەندانە بژی و پێداویستییەکانی بۆ دابینبکرێت، نەک نرخی کارەبا لەسەری زیادبکرێت، چونکە کارەبا لە غازی خۆمان بەرهەمدەهێندرێت.