ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دوو پرۆژەیاسای پێشکەش بە پەرلەمان کرد بۆ درێژکردنەوەی باری نائاسایی وڵاتەکەی بۆ ماوەی 90 رۆژی دیکە.
زێلێنسکی ئەو دوو پرۆژەیاسایەی بەگوێرەی رەشنووسی یاسای ژمارە 13172 و 13173 پێشکەشکردووە، کە لە ماڵپەڕی پەرلەمانی ئۆکرانیا بڵاوکراونەتەوە، بەمپێیەش، باری نائاسایی لەو وڵاتە لە 9/5/2025، هەتاوەکو 6/8/2025 درێژدەکرێتەوە.
ئەمە پانزەهەمین جارە لەسەریەک، باری نائاسایی لە ئۆکرانیا نوێدەکرێتەوە لەدوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا.
میدیا جیهانییەکان باسلەوەدەکەن، پەرلەمانی ئۆکرانیا لە هەفتەکانی داهاتوودا پرۆژەیاساکان پەسەنددەکات و بەمپێیەش، جارێکیتر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە، دوادەخرێت.
جێی ئاماژە بۆ کردنە، باری نائاسایی لە ئۆکرانیا، دەبێتە هۆی سنووردارکردنی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە لەم چەند خاڵەی خوارەوە:
– گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات و هاتوچۆکردن لە ناوخۆی وڵات.
– قەدەغەی هاتوچۆ و پشکنینی بەڵگەنامەکان.
– ئازادیی رادەربڕین و چالاکیی میدیایی.
– ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ریفراندۆم.