شارەزایەکی بواری کەشناسی رایدەگەیەنێت، ئەمشەو پێشبینیی بەفربارین لە سەنتەری قەزای پێنجوێن و ناوچە شاخاوییەکانی شاری سلێمانی دەکرێت.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند، لەئێستادا ناوەندی شەپۆلە ساردەکەی باکور گەیشتووەتە سەر ناوچەکانمان، بەھۆیەوە خێرایی با زۆر چالاکبووە لەگەڵ بوونی تەرزە، باران و هەورەبروسکە لە ھەندێک ناوچەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین.
دەشڵێت، لە کاتەکانی داھاتوو تا ئێوارەی ئەمڕۆ، ئەگەری بارانی باش و رێژە مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبێت، لەگەڵ بەردەوام نزمبوونەوەی پلەی گەرمی و لە کاتەکانی شەویشدا، پێشبینیی بارینی بەفر دەکەین لە ناوچە شاخاوییەکان، سەنتەری قەزای پێنجوێن، ئەزمەڕ و گۆیژە.
ئاراس جەبار باسلەوەشدەکات، ئەمشەو بەگشتی لە بەرزیی هەزار و 200 مەتر لە ئاستی رووی دەریا، ئەگەری بارینی بەفر دەبێت و بەرەبەیانی سبەی چوارشەممەش، 16/4/2025 کۆتایی پێدێت.
هاوکات بەپێی پێشبینیی کەشناسیی هەرێمیش، کەشی ئەمڕۆ سێشەممە لە سەرجەم ناوچەکان هەور و باراناوى دەبێت و هەندێک کات لێزمەباران و ئەگەرى هەورەتریشقە و بارینى بەفر لەسەر لوتکەى شاخە بەرزە سنوورییەکان، کاریگەریى ئەم شەپۆلە لە شەودا کۆتاییدێت .
دەشڵێت، پلەی گەرمی بە (5-7) پلە بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ نزمدەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو:
هەولێر : 15 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 17 پلەی سیلیزی
دهۆک : 12 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 13 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 16 پلەی سیلیزی
سۆران : 11 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 6 پلەی سیلیزی
گەرمیان :21 پلەی سیلیزی