لە سنووری کەرکوك گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێتەوە و داوا دەکرێت شوێنی سەربازگەی تۆپزاوا بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە بە ئەنفالکراوان.
هێمن حەسیب چالاکوانی بواری ئەنفال، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، 37 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا تێدەپەرێت و لەچوارچێوەی پرۆسەکەدا، سەربازگەی تۆپزاوا وێستگەی یەکەمی کۆکردنەوەی ئەنفالکراوان بووە و لێرە بڕیار لە چارەنووسیان دراوە و کە ژمارەیان هەزاران منداڵ و ژن و پیاو بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لەم رۆژەدا داوا دەکەین، سەربازگای تۆپزاوا بکرێتە مۆنۆمێنتێکی شایستە کە تایبەت بێت بە قوربانییانی تاوانی ئەنفال، بەڵام لە ئێستادا ناکۆکی لەسەر موڵکدارێتی زەوییەکە هەیە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بە موڵکی خۆی دەزانێت و ئامادە نییە وەڵامی هیچ نووسراوێک لەسەری بداتەوە. لە کاتێکدا، خاوەندارێتی زەوییە بۆ جوتیارانی کوردی تۆپزاوا دەگەڕێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەم گۆڕە بەکۆمەڵانە، تەنها بەشێوازی کۆمەڵ ئەنفال نەکراون، بەڵکو حاڵەتی گیانلەدەستدانیان بە شێوازی تاک زۆربووە کە بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە و ئازاردانیانەوە بووە، هەربۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە لەکاتی بەرێوەچوونی پڕۆسەکەدا، ناسنامەی گۆرە بەکۆمەڵەکان بۆ کەسوکاریان ئاشکرابکات.