حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەت كار بۆ وەبەرهێنان لە زیاتر لە 70%ـی غازی سووتاو دەكات.
لە میانی بەشداریكردنی لەو كۆڕبەندەی كە ژووری بازرگانیی ئەمریكی-عێراقی لە بەغداد رێكیخستبوو، حەیان عەبدولغەنی رایگەیاند، وەزارەتی نەوت كار لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەكات بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی وڵات. هەروەها كاردەكات بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە 70%ی غازی سووتاو.
وتیشی، ئەم كۆبوونەوانەی وەفدی ئەمریکا و عێراق، تەواوكەری زنجیرەیەك كۆبوونەوەی پێشووی خاوەنكارە عێراقییەكان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانە، بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمریكییەكانی تایبەت بە نەوت، وزە و وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامیی ئەو كۆبوونەوانە، بەڵگەیە لەسەر جددیەتیی هەردوولا لە كاركردن پێكەوە لە ژینگەیەكی وەبەرهێنانی ئومێدبەخشدا لەسەر ئاستی تەكنیكی و ئابوری.
وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی وت، پیشەسازیی نەوت لە عێراق، بڕبڕەی پشتی ئابورییەکەیەتی، بەتایبەتی لەم قۆناغە گرنگەی ئێستادا، وەزارەت پەرەیداوە بە دیدگایەكی روون، بۆ پیشەسازیی وزە و كەمكردنەوەی دەردانی غازی ژەهراوی.