پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە، رایگەیاند، “ئەرکی لایەنە سیاسییەكانە بە گیانی برایەتی و تەبایی رێگە لە دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی بگرن”.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە رایگەیاند، “رۆژی 9ی مانگی نیسانی هەموو ساڵێك هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی ڕووخانی رژێمی پێشوو لە ساڵی 2003، دا لەم رۆژەدا گەلی کورد و عێراق لە زوڵم و ستەم رزگاری بوو و کۆتایی بە دەسەڵاتی چەندین ساڵەی رژێم لە عێراق و ناوچەکە هێنرا، کە بە ئاسن و ئاگر بۆ ماوەی سێ دەیە لەسەر سنگی عێراقییەکان سەپاندبووی”.
دەشڵێت، “لەم رۆژەدا سەری رێز و وەفا لەبەردەم گڵکۆی شەهیدان نەوی دەکەین، هیواخوازین هەرگیز بیرکردنەوەکانی ئەو ژێمە رووخاوە جارێکی دیکە لە عێراق چەکەرەنەکەنەوە و بێ جیاوازی ئاین و نەتەوە و جوگرافیا هەمووان لەچوارچێوەی عێراقدا بژین”.
ئاماژە بەوەشدەکات، “ئەم رۆژە لە یاد و بیرەوەریی ئێمەی هەڵەبجەییدا هەرگیز لەیاد ناکرێت، چونكە جگە لە رووخانی رژێم، سەرۆکەکەشی، لەپای تاوانە کەڵەکەبووەکانی چووە بەردەم پەتی سێدارە و بە سزای تاوانەکانی گەیشت”.
نوخشە ناسیح دەڵێت، “رووخانی رژێم وەرچەخانێکی مێژوویی بوو بۆ كوردستان و عێراق هەربۆیە ئەرکی سەرشانی کۆی لایەنە سیاسییەكانە، بە گیانی برایەتی و تەبایی ئاڵۆزییەکانی نێو پرۆسەی سیاسی تێپەڕێنن لەپێناو پاراستن و رێگەنەدان بە دووبارەبوونەوەی تاوانی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی میللەتی كورد و دووبارە نەبونەوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هاوشێوەی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال”.